About the Journal

وەرگرتنی وتار

توێژەرانی هێژا ئاگادار دەکەینەوە کە بۆ بەشداری لە ژمارەی یەکەمی KJSS دەتوانن لەم چوار پاژەدا بەشدار بن:

(١) فایلی تایبەت: ناردنی وتار بۆ فایلی تایبەت کە لە ژێر ناوی ئیستا و داهاتووی کوردستان لە دوای ڕێفراندۆمی هەرێمی کوردستان چاپ دەبێ. ئامانج لەم باسە گرنگیدان بە ڕێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانە کە لە ٢٥ سێپتامبەری ٢٠١٧ بەڕێوە چوو و لە ١٥ ئۆکتۆبەری هەمان ساڵدا بەتوندی لە لایەن حکومەتی ناوەندی عێراقەوە بەرپرچ درایەوە و بووە هۆی ئەوە کە لە سەدا ٥١ی خاکی باشوری کوردستان لە لایەن هێزەکانی عێراقەوە داگیر بکرێ و لە ئاکامدا حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ٢٥ ئۆکتۆبەری هەمان ساڵدا بڕیاری سڕکردنی ڕێفراندۆمی دەرکرد. ئەم ڕووداوانە جگە لە کاریگەری ڕاستەوخۆ لەسەر هەرێمی کوردستان و کۆمەڵگای کوردی لە باشوری کوردستان، بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر پارچەکانی تری کوردستانیش داناوە. لەم ژمارەدا KJSS دەیەوێ لە لایەنە جیاوازەکانەوە و لە سۆنگەی کوردستان و ڕێفراندۆمی هەرێمی کوردستان بۆ کێشەکانی کوردستان و ناوچەکە بڕوانێت.

(٢) توێژینەوە: توێژەران دەتوانن، جگە لە فایلی تایبەت، وتار لە بوارەکانی زانستە کۆمەڵایەتییەکان بۆ KJSS بنێرن. مەرجی وەرگرتنی وتارەکان جگە لە تایبەتمەندە گشتییەکان بۆ تەوەرێک دەگەڕێتەوە کە توێژەر بۆخۆی هەڵیبژاردووە. چونکە KJSS دەیەوێ لە دوو ئاستدا وتار چاپ کات: ئەو وتارانەی کە باسیان لە کێشەکانی کوردستان کردووە و تایبەتن بە واقیعەکانی کوردستانەوە یان ئەو وتارانەی کە لە سۆنگەی بەرژەوەندییەکانی کوردستانەوە سەیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دونیا دەکەن.

(٣) هەڵسەنگاندنی کتێب: لە هەر ژمارەیەکدا کۆمەڵە وتارێک تایبەت بە هەڵسەنگاندنی کتێب چاپ دەکرێن. ئامانج لەم بەشە ئەوەیە کە لە سێ ئاستدا کتێبەکان تاوتوێ بکرێ: ١) هەڵسەنگاندنی هەر کتێبێک لەسەر کورد و کوردستان کە بە زمانی کوردی یان بیانی چاپ بوو بن؛ ٢) هەڵسەنگاندنی کتێبی کوردی کە لە بواری زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا و لە دوای ساڵی ٢٠٠٠وە بەرهەم هاتبێتن؛ ٣) هەڵسەنگاندنی وەرگێڕانی کتێبە گرنگەکانی بواری زانستە کۆمەڵایەتییەکان کە بۆ سەر یەکێک لە زاراوەکانی سۆرانی یان کرمانجی وەرگێڕدرابێتن.

(٤) وتاری هەڵسەنگاندن: لەم بەشەدا ئەگەر هەڵسەنگاندنی کتێب یان وتارێکی زۆر گرنگ خۆی لە قەبارەی وتار نزیک کاتەوە وەک ئارتیکڵ ڕێڤیو چاپ دەبێ. مەبەست لە وتاری هەڵسەنگاندن خستنە ڕووی دەرەنجامی نوێی توێژینەوە نییە، بەڵکوو توێژەر لە وتارێکدا پوختەیەک لە بابەتێکی دیاریکراودا دەخاتە ڕوو و بەگوێرەی تێگەیشتنی خۆی لە باسەکە و بە ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانەوە، دەرەنجامی توێژەر/توێژەرانی دیکە هەڵدەسەنگێنێت. هەروەها لەم شێوازە وتارەدا ئەو ئیمکانە دەکرێتەوە کە توێژەران ڕەخنە لە وتارەکانی ژمارەکانی تری KJSS بگرن.

 

مەرجە گشتییەکانی وەرگرتنی وتار

نەبوونی هەر کام لە مەرجەکان دەبێتە هۆی ئەوەی کە وتارەکان بۆ بەشی هەڵسەنگاندن ڕەوانە نەکرێن.

(١) وتارەکان دەبێ بە یەکێک لە دوو زاراوەی سۆرانی یان کرمانجی نووسرابێت.

(٢) وتارەکان دەبێ لە نێوان ٥٠٠٠ تا ٧٠٠٠ وشە بن. بۆ بەشی هەڵسەنگاندنی کتێب دەبێ وتارەکان لە نێوان ١٥٠٠ بۆ ٢٥٠٠ وشە بن.

(٣) بۆ هەر وتارێک پێویستە دوو پوختەی کوردی و ئینگلیزی ئامادە بکرێ کە هەر کامیان لە ٢٥٠ وشە تێنەپەڕێت.

(٤) وشە کلیلییەکان بە هەر دوو زمانی کوردی و ئینگلیزی لە نێوان ٥ تا ٧ وشەدا بن.

(٥) تایپی وتارەکان دەبێ بە سیستمی یونیکۆد بێ. جۆر و قەبارەی فۆنت و هەروەها دیزاین لە کاتی ناردنی وتارەکاندا گرنگ نییە و KJSS خۆی وتارەکان ڕێک دەخا و دیزاینیان دەکات.

(٦) پێویستە توێژەر پرۆفایلی خۆی بەتواوی بنێرێت و ئاستی خوێندن و ئاماژە بە ئیمەیلی توێژەر لە ژێر ناوەکەیدا کرابێت. ئەگەر توێژەر لە ناوەندێکی ئاکادیمی کار دەکا دەبێ ئاماژەی پێ بکرێ و لە دەرەوەی ئەوە پێویستە وەک توێژەری سەربەخۆ پێناسە بکرێ.

(٧) سەبارەت بە سیستەمی سەرچاودان (ڕێفرێنسدان)، کەڵک لە سیستەمی شیکاگۆ (شێوازی نێوان دەقی) وەردەگیرێ و لە کۆتایی وتارەکەدا سەرچاوەکان بەگوێرەی ئەلفوبێ دەبێ ڕیز بکرێن.

 

پێداچوونەوە و پرۆسەی چاپکردن

دوای ئەوەی کە وتارەکە هەڵگری مەرجەکانی وەرگرتن بوو بەشێوەی نەناسراو بۆ دوو زانای پەیوەندیدار دەنێردرێ.

پرۆسەی پێداچوونەوەی نادیار لە لایەن دوو شارەزاوە بە شێوازی خوارەوە ڕەچاو دەکرێ:

* وتارەکان بۆ دوو کەسی شارەزا بۆ پێداچوونەوە دەنێردرێ، تێبینییەکان بە چوار شێوە پۆلینبەندی دەکرێن: (١) پەسەندکراو (٢) پەسەندکراو بە مەرجی گۆڕانکاری (٣) وەرگرتن بە مەرجێک کە سەر لە نوێ بابەتەکە دابڕێژرێتەوە و گۆڕانکاری بنەرەتی بۆ بکرێ (٤) ڕەدکراو.

* ئەو وتارانەی کە پێویستیان بە گۆڕانکاری هەیە، دواتر بۆ ئەو کەسانە دەنێردرێنەوە ە پێداچوونەوەیان بۆ کردوون هەتا لەوە دڵنیا بن کە مەرجەکانی پەسەندکردنیان هەیە.

* نووسەر/نووسەری هاوکات لە ڕێکەوتی بڵاوکردنەوە (بە هەر دوو شێوەی ئۆنلاین و چاپکراو) ئاگادار دەکرێنەوە.

* کاتی دیاریکراو بۆ پێداچوونەوەی وتارەکان لانیزۆر چوار هەفتە دەخایەنێت.